Jeremiah 31

1یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»

2یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون
لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت،
کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»
3لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت:

«بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت،
لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.
4ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە،
بنیاد دەنرێیتەوە.
دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە
بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.
5دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت
لە چیاکانی سامیرە،
ڕەزەوانەکان دەچێنن و
بەرەکەی دەخۆن
واتا یەزدان نیشتەجێیان دەکاتەوە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ کە بتوانن بەری دارەکانیان بخۆن، چونکە دروست نەبوو بەری هیچ دارێک بخۆن هەتا ساڵی پێنجەم.‏
.
6ڕۆژێک دێت
چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن:
”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»
7یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن،
هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە.
با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن:
”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە،
پاشماوەکەی ئیسرائیل!“
8ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە،
لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە،
لەنێویان شەل و نابینا دەبێت
ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە،
کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.
9بە گریانەوە دێن،
لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە،
بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم،
بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون،
چونکە من باوکی ئیسرائیلم،
ئەفرایم نۆبەرەمە.

10«ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن:
”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە،
وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت،“
11چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا،
لە دەست ئەوەی لەو
مەبەست لە فیرعەونی میسرە کە لە گەلی ئیسرائیل بەهێزتر بوو.‏
بەهێزتر بوو کڕییەوە.
12جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن.
لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە،
بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە،
بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە.
وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن،
جارێکی دیکە سیس نابن.
13ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن،
گەنجان و پیران پێکەوە.
شینیان دەگۆڕم بە شادی،
دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.
14کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری،
گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
15یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.»
16یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«واز لە گریان بهێنە و
چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ،
چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
17کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە.
منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

18«بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا:
”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم،
من تەمبێ بووم.
بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە،
چونکە تۆ یەزدانی پەروەردگاری منی.
19لەدوای گومڕابوونم،
پەشیمان بوومەوە،
لەدوای تێگەیشتنم،
لە سنگی خۆمم دا.
شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا،
چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
20ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە،
ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟
لەبەر ئەوەی هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم،
دووبارە دێتەوە یادم.
لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت،
بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

21«نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و
ڕێوشوێن دابنێ.
بە وردی بڕوانە ڕێگاکە،
ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن.
ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە،
بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
22هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت،
ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟
چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە:
ژن پیاو دەپارێزێت.»
23یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە:”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“ 24جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن. 25ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»

26لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.

27یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم. 28جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29«لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن:

«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“
30بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»

31یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و
بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
32وەک ئەو پەیمانە نابێت
کە لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم،
ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت
بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند،
هەرچەندە من مێردی
پەیوەندی نێوان خودا و گەلەکەی بە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد دەچووێنرێت، لە ڕووی ئەرک و وەفا و گوێڕایەڵییەوە.‏
ئەوان بووم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە
لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکانم دەخەمە ناو مێشکیان و
لەسەر دڵیان دەینووسم.
من دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
34لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی
یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت:”یەزدان بناسە،“
چونکە هەموویان دەمناسن،
لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم،
چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
35یەزدان ئەمە دەفەرموێت،

ئەوەی خۆری داناوە
بۆ درەوشانەوە لە ڕۆژ،
فەرزی مانگ و ئەستێرەکانیش
بۆ درەوشانەوە لە شەو،
ئەوەی دەریا دەوروژێنێت،
شەپۆلەکانی هاژەیان دێت،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
36یەزدان دەفەرموێت:
«ئەگەر ئەم فەرزانە لەبەرچاوم نەمێنن،
ئەوسا ڕەچەڵەکی ئیسرائیلیش کپ دەبن
لەوەی بە درێژایی ڕۆژگار لەبەردەمم ببن بە نەتەوە.»
37یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت،
ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن،
ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە،
لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
38یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، شارەکە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت، لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە. 39لەوێوە گوریسی پێوانە بەسەر گردی گارێڤ درێژ دەکرێت و دەسووڕێتەوە بۆ گۆعە. 40تەواوی ئەو دۆڵەی لاشە و خۆڵەمێشی تێدا فڕێدەدرێت، هەروەها هەموو کێڵگەکان بۆ دۆڵی قدرۆن لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەروازەی ئەسپ پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەتاهەتایە ڕیشەکێش ناکرێت و جارێکی دیکە کاول ناکرێتەوە.»

Copyright information for CkbKSS